له درێژه‌ی شه‌پۆلی نوێ و به‌ربڵاوی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی هاووڵاتییان و چالاكوانانی كورددا، كاتژمێر ٥ی سه‌رله‌به‌یانیی ڕۆژی ٢٣ی به‌فرانبار(12/01/2021)، كاروانێكی سەربازیی هێزه‌كانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای سه‌وڵاوا هەڵیانکوتایە سه‌ر ماڵی سێ هاووڵاتیی كوردی گوندی «سلێن»ی هه‌ورامان و دوو كه‌سیان به ناوه‌كانی ئه‌كره‌م ئه‌دوایی ٣١ساڵان و سیامه‌ك ئه‌دوایی ٢٤ ساڵان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووە.
كه‌سانی نزیك به‌م دوو هاووڵاتییه كورده له وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، وێڕای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه، وتیان هێزه‌كانی دەزگای ئیتلاعاتی سپا نەتەنیا هیچ حوکمێکی یاسایی دەستبەسەرکردنیان نیشان نەداوە بەڵکوو لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو هاووڵاتییانەدا توندوتیژییشیان بەکار هێناوە.
به وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوانه، ئه‌كره‌م ئه‌دوایی و سیامه‌ك ئه‌دوایی دوای ده‌ستبه‌سه‌رکران گواستراونه‌ته‌وه بۆ شوێنێكی نادیار و تا ئێستاش دیار نییە لەبەر چی ده‌ستبه‌سه‌ر كراون. هێزە چه‌كدارەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران هه‌روه‌ها بۆ ده‌ستبه‌سه‌ركردنی فه‌ردین ئه‌دوایی، زیندانیی سیاسیی پێشوو، ده‌رگا و شووشه‌ی ماڵی ناوبراویان شکاندووە، به‌ڵام ئه‌م هاووڵاتیه كورده له ماڵه‌وه نەبووە و هەر بۆیە نه‌یانتوانیوه ده‌ستبه‌سه‌ری بكه‌ن.
له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، له ڕه‌وتی شه‌پۆلی نوێیئە ده‌ستبه‌سه‌ركردنی هاووڵاتییان، خوێندكاران و چالاكوانانی كورد له شاره‌كانی كه‌ره‌ج، مه‌هاباد، ڕه‌به‌ت، مه‌ریوان و سهرڵاوادا، لانیكه‌م ٢٠ كه‌س ده‌ستبه‌سه‌ر كراون کە دەستبەسەرکردنی ١٢ كه‌سیان لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بووە و پاشتر ڕه‌وانه‌ی دهستبهسهرگهكانی ئه‌م دەزگا ئه‌منییه له شاره جۆرواجۆرهكاندا كراوان.