بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی بەفرانبار ئەکبەر گەوێڵی، چالاکوانی مەدەنیی کورد، بە مەبەستی جێبەجێکردنی دوو ساڵ زیندان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کراوە.

ئەم چالاکوانە مەدەنییە لە ڕێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «هاوکاریکردنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)» حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا، ئەم حوکمە دوای تانەلێدان لە دادگای پێداچوونەوەی سنەدا بۆ ٢ ساڵ زیندان گۆرا.

ئەکبەر گەوێڵی، چالاکوانی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشوو، لە ڕێکەوتی ١٦ی گەڵاڕێزانی ساڵی ڕابردوودا دوای ئەوەی چووە ناو دادگای سنەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە کرا. ناوبراو دوای تەواوبوونی قۆناغی لێپرسینەوە گواسترایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە و لە سەرەتای ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا. ناوبراو پێشتریش جارێکی‌تر، لەڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی پارساڵدا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کرابوو و لە ١٧ی خەرماناندا بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

ئەمیر گەوێڵی برای ئەم زیندانییە سیاسییەش کە ١٦ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای چەند حەفتەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردی» سەرەتا حوکمی ٥ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا، ئەم حوکمە دوای تانەلێدان لە دادگای پێداچوونەوەی سنەدا کرا بە ٢ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو.