تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خاکەلێوە هێزە ئەمنییەکان لە شاری بانە و گوندی ”یاقووب ئاوا”ی ئەم شارە ٤ هاووڵاتییان بە ناوەکانی پەرویز قادری، هاوژین قادری، ڕێبوار قادی و بێهرووز قادری دەستبەسەر کردووە و گواستوونیانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

دەوترێ هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییانە دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە گوندی ”یاقووب ئاوا”ی بانە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاندبوو کە دەزگا ئەمنییەکان لە چەند حەفتە پێش ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزەوە زیاتر لە ٥٠ چالاکوانی کوردیان بانگهێشت کردبوو. لەم ماوەیەشدا لانیکەم ١٤ هاووڵاتی لە شارەکانی شنۆ، مەریوان و سنە دەستبەسەر کراون کە تا ئێستا ٥ کەسیان ئازاد کراون.