سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٠، هێزە ئەمنییەکانی مەریوان ئارام فەتحی، شاعیر و چالاکی مەدەنییان لە ماڵەکەی خۆیان دەستبەسەر کرد و گواستیانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

کەسێکی نزیک لە ئارام فەتحی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان بە دوو ئۆتۆمبیل چوونەتە بەر ماڵی ئارام فەتحی و بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە حوکمی یاساییان بۆ دەستبەسەرکردنی پێیە. ئەم هێزانە لە بەرامبەر ناڕەزایەتی دەربڕینی دایکی ئارامدا توندوتیژییان بەکار هێناوە.»

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزەکە دوای ئەوەی ماڵەکەیان پشکنیوە دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی شەخسیی ناوبراودا، وەک لەبتاب و مۆبایلەکەی، گرتووە.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ڕێکخراوی دەستبەسەرکەر و هەروەها تۆمەت و هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم چالاکە ئەدەبی و مەدەنییە لە بەردەستدا نییە، ناوبراو پێشینەی ئەندامێتیی لە ئەنجومەنی ئەدەبیی «مەولەوەی» و «ڤەژین» و هەروەها ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی «سەوزی چیا»دا هەیە. ناوبراو لەم ساڵانەی دواییدا چەندین جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەسەر چالاکییە مەدەنییەکانی بانگهێست و دەستبەسەر کراوە. دوایین جار کە لە ساڵی ١٣٩٨دا دەستبەسەر کرا، دەست بەسەر پاسپۆرتەکەیشیدا گیرا و چوونەدەرەوەی لە ئێران قەدەغە کرا.