فەرهاد محەممەدی، پارێزەری یاسایی و بەرپرسی لقی کوردستانی حیزبی یەکێتیی نەتەوەیی، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ١٠ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی پووشپه‌ڕ فەرهاد محەممەدی بانگهێشتی بەردەم ئیجرای ئەحکامی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە کراوە و بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ١٠ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کراوە.

ئەم پارێزەرە یاساییە ڕۆژی ١٤ی بەفرانباری ١٣٩٧ هاوکات لەگەڵ شەپۆلی بەربڵاوی دەستبەسەرکردنی چالاکانی ژینگەپارێز و ئەندامانی لقی کوردستانی پارتی یەکێتیی نەتەوەییدا لە سنە و کامێران، دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو نزیکەی ٥ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر زەخت و گوشارەوە.

ئاغای محەممەدی لە ڕێکەوتی ٤ی جۆزەردانی ١٣٩٨دا و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان گواسترایەوە بۆ بەندی قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی سنە، بەڵام بە پێچەوانەی ڕەوتی ئاسایی کە لەم کاتانەدا بڕیاری دەستبەسەربوون دەگۆڕرێت بۆ بڕیاری دانانی بارمتە، داواکاریی گشتیی سنە ئەم داواکارییەی ڕەت کردەوە و بە شێوەی نایاسایی بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی ناوبراوی درێژ کردەوە. 

فەرهاد محەممەدی بە درێژایی ئەو ماوەیەی دەستبەسەر بوو، لە حاڵێکدا کە کچە کەمتەمەنەکەی بە هۆی نەخۆشییەکی سەختەوە لە نەخۆشخانەدا بوو، تەنها یەک جار توانیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا دیدار بکات، ئەویش بە ئامادەبوونی لێپرسەوەکانی.

مانگێک دوای دەستبەسەرکردنی ئەم پارێزەرە یاساییە، ٥٩ پارێزەری هاوکاری بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەرئاوەڵا، وێڕای وەبیرهێنانەوەی پێشینەی کاری و خۆشناوبوونی ئاغای محەممەدی، داوایان کردبوو ئازاد بکرێت.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٨ی پووشپەڕی ١٣٩٨دا و دوای ٦ مانگ دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی قورسی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

فەرهاد محەممەدی لە جۆزەردانی ساڵی ڕابردوودا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی «چالاکیی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی» حوکمی ٤ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا، ئەم حوکمە لە کۆتاڕۆژەکانی ڕەشەمەی هەمان ساڵدا لە لقی ٤ی دادگای پیاچوونەوەدا کەم کرایەوە بۆ ١٠ مانگ بەندکران.

مۆڵەتی پارێزەریی ئەم پارێزەرە یاساییە لەدوای ئازادبوونە کاتییەکەیەوە هەڵپەسێرراوە.