دوکتور ناسر هیممەتی، دەروونپزیشک و وەرگێڕی خەڵکی ئاودانانی پارێزگای ئیلام، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ١٩ی گەلاوێژ دوای سەردانکردنی نووسینگەی ئیجرای ئەحکامی ئیسفەهان دەستبەسەر کرا و بە مەبەستی تێپەڕاندنی حوکمی دوو ساڵ زیندان ڕەوانەی زیندانی دەستگرد کرا.

دوکتور ناسر هیممەتی لە ڕێکەوتی ٤ی بەفرانباری ١٣٩٨دا و دوابەدوای خۆپیشاندانەکانی مانگی گەڵاڕێزان، لە ماڵەکەی خۆی لە ئیسفەهان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای حەفتەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. پاشان لە ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠دا لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» و «سووکایەتیکردن بە بەرپرسانی حکوومەت» دادگایی کرا و حوکمی دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

ئەم دەروونپزیشکە کە تا ئێستا چەندین بەرهەمی وەرگێڕانی لە بواری دەرووندەرمانیدا لە ئێران بڵاو کردۆتەوە، لە م دوو ساڵەی دواییدا چەندەها جار لەسەر چالاکی و نووسراوەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێ کرابوو.