چالاکی مەدەنیی کورد عەزیمە ناسری ئەمڕۆ پێنجشەممە ٤ی خەرمانان دوای مانگێک دەستبەسەربوون، بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێوە ڕەوانەی قەرەنتینەی زیندانی ئەم شارە کرا.

هەروەها ناهید کەمانگەر، خوێندکاری زمان و ئەدەبیاتی کوردیی زانکۆی کوردستان کە لە ڕێکەوتی ١٥ی پووشپەڕەوە دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران دەستبەسەر کرابوو، هێشتا هەر لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسلاح و تەربیەتی سنە لە دۆخی هەڵپەسێردراودایە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی هاوکاریکردنی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردییەوە ڕووبەڕووی عەزیمە ناسری کراوەتەوە. ناوبراو لە ماوەی مانگێک دەستبەسەربووندا لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران، بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ خراوەتە ژێر هەڕەشە و ئەشکەنجەی ڕۆحییەوە.

ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٩ و هاوکات لەگەڵ شەپۆلی بەربڵاوی دەستبەسەرکردنی چالاکانی کورددا، لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر و لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەشەمەی هەمان ساڵدا تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاکەی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

هەروەها تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ناهید کەمانگەر، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران و کچی زیندانیی سیاسیی کورد حسەین کەمانگەر، دوای تێپەڕینی ٥١ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەربوونیدا، هێشتا بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسلاح و تەربیەتی سنەدایە.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٥ی پووشپەڕدا دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامێران، دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە. لەم ماوەیەدا کاربەدەستە ئەمنییەکان گوشاریان خستۆتە سەری تاکوو دژ بە باوکە زیندانییەکەی کە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک) حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە، قسە بکات.

ناهید کەمانگەر ڕۆژی ١٩ی گەلاوێژ هاوکات لەگەڵ درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیدا ڕەوانەی بەندی گشتیی زیندانی ژنان کراوە و تا ئێستایش لە دۆخی هەڵپەسێردراودایە.