نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گەڵاڕێزان، بە دەیان ئەندامی هێزە ئەمنییە جلوبەرگ مەدەنییەکان هاوکات چوونەتە سەر گوندەکانی «چۆمان»، «نەمشیر»، «نەجنە» و «کۆپێچ» لە شاری بانەی پارێزگای کوردستان و لانیکەم دە هاووڵاتیی ئەم گوندانەیان دەستبەسەر کردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بەدەستی هێناوە، ئەم دەستبەسەرکردنە بەکۆمەڵە بە دەستی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و بەبێ مۆڵەتی یاسایی ئەنجام دراوە. بە وتەی سەرچاوە خۆجێییەکان، هێزە ئەمنییەکان چوونەتە سەر ماڵی ئەم کەسانە و وێڕای پشکنین و دەستگرتن بەسەر هەندێ کەلوپەلی شەخسیدا، توندوتیژیی زمانی و فیزیکییان بەکار هێناوە و لانیکەم ١٠ کەسیان دەستبەسەر کردووە. هێزە ئەمنییەکان تەنانەت لە هەندێ حاڵەتدا بە لێدان ڕووبەڕووی بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەم کەسانە بوونەتەوە کە ویستوویانە بەر بە چوونەژوورەوەی نایاسایی ئەوان بۆ ناو ماڵەکانیان بگرن.

جەمال مروەتی، سەعید ڕەشیدی، فەرزاد پزیشکی، سەلاح پزیشکی، بێهزاد پزیشکی، فەرهاد پزیشکی، لوقمان پزیشکی، شۆڕش پزیشکی، ڕەفیق پزیشکی و مەناف پزیشکی لەو کەسانەن کە ئەمڕۆ لە گوندەکانی بانە دەستبەسەر کراون. هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە.