لە ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندانەوە لانیکەم ٨ هاووڵاتی و چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی زەمانە زیویە، میقداد حەسەننژاد، شەعبان محەممەدی، ڕێبوار عەبدوڵڵاهی، موراد مامەڕەش، ئەیوب حەدیسی، ڕەحمان خدمەتگوزار، عەلی عومەرپوور و فەریاد شیلان لە شارەکانی سەقز، مەریوان و پیرانشار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. هێزە ئەمنییەکان لە ژمارەیەک لەم دەستبەسەرکردنانەدا پەنایان بردۆتە بەر توندوتیژی و لێدان.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی شەممە هێزە ئەمنییەکان لە شاری سەقز چوونەتە سەر ماڵی چالاکی مەدەنی زەمانە زیویە و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی و دەستگرتن بەسەر هەندێ کەلوپەلی شەخسییدا، خۆیشیان دەستبەسەر کردووە. هاوکات هونەرمەندێکی سەقزییش بە ناوی میقداد حەسەننژاد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شەقامێکی شاری سەقز دەستبەسەر کراوە.

زەمانە زیویە پێشتر لە ڕێکەوتی ١٥ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٦ و لە ڕەوتی چالاکییەکانی پشتیوانیکردن لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستاندا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای ٣ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو. ناوبراو دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقزەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی گشتی» حوکمی ٥٠ قامچی و یەک میلیۆن و شەشسەد هەزار تمەن غەرامەی بەسەردا سەپا.

هەروەها لە ڕۆژی شەممەوە تا ئێستا لانیکەم ٥ هاووڵاتی و چالاکی ژینگەپارێز بە ناوەکانی موراد مامەڕەش، ئەیوب حەدیسی، ڕەحمان خدمەتگوزار، عەلی عومەرپوور و فەریاد شیلان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری پیرانشاری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەستبەسەر کراون. ئەیوب حەدیسی و ڕەحمان خدمەتگوزار ئەندامی ئەنجومەنی پشتیوانانی ژینگەی پیرانشارن، موراد مامەڕەشیش دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئەم شارە و ئەوانی تریش لە شوێنی کار یان لە ماڵەوەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

لە درێژەی ئەم دەستبەسەرکردنانەدا، ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندان هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی شەعبان محەممەدی لە ئەندامانی سەندیکای مامۆستایانی کوردستان لە شاری مەریوان و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی و دەستگرتن بەسەر هەندێ کەلوپەلی شەخسییدا، خۆیشیان دەستبەسەر کردووە.

هەر هەمان ڕۆژ چالاکێکی کرێکاریی خەڵکی سنە بە ناوی ڕێبوار عەبدوڵڵاهی دوای چوونەدەر لە ماڵەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنی ئەم کەسانە بەردەست نەکەوتووە. دەوترێت وەزارەتی ئیتلاعات ئەم کەسانەی دەستبەسەر کردووە.