تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە١٠ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سەلاح پزیشکی، ئەرسەلان پزیشکی، فەرزاد پزیشکی، ئەبووبەکر پزیشکی، کەریم پزیشکی، ڕەفیق پزیشکی، بێهزاد پزیشکی، جەمال مروەتی، سەعید قادری و سەعید ڕەشیدی کە ٨٦ ڕۆژ لەمەوپێش لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکانی کورددا لە گوندەکانی شاری بانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، هێشتا هەر لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە و سنەدا ڕاگیراون.

ئەم کەسانە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا تەنها چەندجار بە کورتی تەلەفۆنیان بۆ بنەماڵەکانیان کردووە، بەڵام مۆڵەتی دیدار و دیاریکردنی پارێزەریان پێ نەدراوە.

لە ناو ئەم کەسانەدا، بێهزاد پزیشکی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانەدایە و ئەوانی تر لە دەستبەسەرگەی ناوەندیی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدان.

لە ڕێکەوتی ٢٠ی گەڵاڕێزان، بە دەیان ئەندامی هێزە ئەمنییە جلوبەرگ مەدەنییەکان هاوکات چوونەتە سەر گوندەکانی «چۆمان»، «نەمشیر»، «نەجنە» و «کۆپێچ» لە شاری بانەی پارێزگای کوردستان و لانیکەم ١٧ هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کردووە. ٧ هاووڵاتی لە حەفتەکانی پێشوودا بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.