تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە هەشت هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی وەفا هەنارە، کامران هەنارە، ئاران عومەری، ئەشکان عوسماننژاد، ڕەحمان پوڕهازوو، فەخرەدین دوودکانلوو، حەسەن عومەرپوور و ئەمیر موشتاق لە مانگی گوڵانی ساڵی ڕابردووەوە (نۆڤامبری ٢٠٢١) بە تۆمەتی «سیخوڕی» بۆ دەزگای مووساد لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.

لەنێو ئەم کەسانەدا وەفا هەنارە هێشتا هەر لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی ورمێدایە بەڵام ٧ هاووڵاتییەکەی تر لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٠دا (١٠ی مارسی ٢٠٢٢) لەگەڵ کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکانیاندا ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «یەک لەم کەسانە کە ئاگادار بوو ئەگەری دەستبەسەربوونی لە ئارادایە، ئێرانی بەجێ هێشتبوو و هەڵاتبوو بۆ تورکیا، بەڵام لە لایەن هێزەکانی دەرەوەی سنووری وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە تورکیا دەستبەسەر کرا و گەڕێنرایەوە بۆ ئێران».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دەستبەسەرکراوان تۆمەتبارن بەوەی کاری ئەمنییان بۆ دەزگای زانیارییەکانی دەرەوەی ئیسراییل (مووساد) ئەنجام داوە. وەرگرتنی دانپێدانان لە مەنسوور ڕەسوولی، یەک لە ئەندامانی سپای پاسداران و ئاگرتێبەردانی ئۆتۆمبێلی بەرپرسە سەربازییەکان و… لە ڕیزی تۆمەتەکانی ئەم کەسانەدایە.

سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ڕۆژی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هەواڵی دەستبەسەرکردنی گرووپێکی سەر بە مووسادی ڕاگەیاند. لەم بەیاننامەیەدا هیچ ئاماژەیەک بە بەروار و شوێنی دەستبەسەرکردنی ئەم کەسانە نەکراوە، بەڵام پێدەچێ ئەم بەیاننامەیە کە دوای تێپەڕینی چەند مانگ بڵاو کراوەتەوە، پێوەندیی بە دەستبەسەرکردنی ئەم ٨ هاووڵاتییە کوردە بێت.