تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی فەرشید کەریمی کە نزیکەی ٣ حەفتە لەمەوپێش لە شاری سنە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە، تا ئێستایش لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەدایە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە چەند ڕۆژ لەمەوپێش لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا ڕایگەیاندووە کە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدایە.

تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ناوبراو کراوەتەوە بەدەست نەهاتووە. ناوبراو بە درێژایی ئەم ماوەیە مافی دیداری بنەماڵە و دیاریکردنی پارێزەری لێ زەوت کراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی گوڵانی ١٤٠١دا (ئاوریل و مەیی ٢٠٢٢) لانیکەم ٢١ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شار و گوندە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشاندا بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ژمارەیەک لەم کەسانە دوای چەند کاتژمێر یان چەند ڕۆژ ئازاد کراون و ژمارەیەکی تریشیان هێشتا هەر دەستبەسەرن.