ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی جۆزەردان (١٤ی ژوەن) ئارشاک ڕەووف گونبەدی، چالاکی سیاسی و لە بەڕێوەبەرانی کاناڵی تێلێگرامیی «Hilbijêr» و محەممەدڕەزا مورادی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان (سنە-کەڵاتەرزان) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی ورمێ و سنە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی سێشەممە ئارشاک ڕەووف گونبەدی لە ڕیستۆرانێکی ورمێدا لە لایەن پۆلیسی ئەمنییەتی ئەم شارەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە. ناوبراو لە بەڕێوەبەرانی کاناڵی تێلێگرامیی «Hilbijêr»ی ورمێیە کە لە بواری بابەتە کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتوورییەکانی کورداندا چالاکە.

دەوترێت دەستبەسەرکردنی ناوبراو دوای ئەوە ڕووی داوە کە لە ئاست قسەکانی عەلیڕەزا مەلامحەممەدیزادەی قایمقامی پێشووی ورمێدا سەبارەت بە کوردەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، پەرچەکرداری ناڕەزایانەی دەربڕیبوو. ئەم چالاکە سیاسییە پێشتریش چەندین جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگێشت کرابوو و خرابووە ژێر لێپرسینەوە.

هەروەها چەند کاتژمێرێک پاشتر و لە هەمان ڕۆژدا هێزە ئەمنییەکان چوونەتە سەر ماڵی محەممەدڕەزا مورادی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان (سنە-کەڵاتەرزان) و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی، خۆیشیان دەستبەسەر کردووە.

شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئەم چالاکە پیشەییە لە کاناڵە تێلێگرامییەکەی خۆیدا، وێڕای هۆشداریدان لەمەڕ بەردەوامبوونی ڕەوتی دەستبەسەرکردنی مامۆستایان ڕایگەیاندووە کە ئەم ڕەوتی داخراوییە کە ئێستاکە جێبەجێ دەکرێت نەتەنها هیچ چارەسەرێکی بۆ بچووکترین کرانەوە لە دۆخی ئاڵۆزی ئێستادا پێ نییە، بەڵکوو پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان و بەربڵاوبوونەوەی بوارەکانی ناڕەزایەتیشی لێ دەکەوێتەوە.