تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەمڕۆ دووشەممە ٦ی پووشپەڕ (٢٧ی ژوەن) هێزە ئەمنییەکان لە شاری شنۆی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ٤ هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی ئیبراهیم عەزیزی، موحسین عەزیزی، یەعقووب مەحموودی‌ئازەر و بەهمەن مەحموودی‌ئازەر دەستبەسەر کردووە و گواستوونیانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە ئەمنییەکان هاوکات چوونەتە سەر ماڵەکانی موحسین عەزیزی، یەعقووب مەحموودی‌ئازەر و بەهمەن مەحموودی‌ئازەر و وێڕای پشکنینی ماڵەکانیان، خۆشیان دەستبەسەر کردوون. هەروەها ئیبراهیم عەزیزی، باوکی موحسین عەزیزی، دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە.

سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و هەروەها ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ئەم هاووڵاتییانە کراوەتەوە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.