لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی چالاکان و هاووڵاتییانی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا، ئەمڕۆ مامۆستایەکی ئایینیی سوننەی کورد و چوار هاووڵاتیی کوردی تر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری شنۆی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی پووشپەڕ (١٣ی جولای) هێزە ئەمنییەکان لە گوندی «بێمزەڕەتە»ی شنۆ مەلا محەممەد تەهازادە، بەرنوێژی مزگەوت، فەرعان ئیبراهیمی، ئەندامی شۆرای گوند و عەبدوڕەحمان سادقی، دێهیاری ئەم گوندەیان دەستبەسەر کردووە و گواستوونیانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

دەوترێت هۆکاری ئەم دەستبەسەرکردنانە دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی وتارێکی عەبدوڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، لە سی و سێهەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنیدا لە موکەبەرە (سپیکەر)ی مزگەوتی گوندەکەوە.

هاوکات دوو هاووڵاتیی کوردی تر بە ناوەکانی خۆشناو عەینی و فەرهەنگ کەرامەت، خەڵکی گوندی «سینگان»ی شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیران و تۆمەتی سەر ئەم کەسانە بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تەنها لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ١٣ مامۆستای ئایینی، چالاکوان و هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی پیرانشار، شنۆ و و بانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.