لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکانی کورددا لانیکەم ١٠ هاووڵاتیی تر لە شارەکانی بۆکان و مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

 بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی گەلاوێژ (١٦ی ئاگۆست) هێزە ئەمنییەکان لە گوندی «لج»ی مەهاباد، هاوکات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ٤ هاووڵاتی بە ناوەکانی چیا پیرزاد، شەهرام بایزیدی‌ئازەر، کامبیز بایزیدی‌ئازەر و ئەمیر بایزیدی‌ئازەر و ئەم چوار هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.

هاوکات لە شاری مەهاباد ٢ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی جەلال مەحموودی و لوقمان ئیبراهیمی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها لە ڕێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژدا (١٤ی ئاگۆست) ٣ هاووڵاتیی تر بە ناوەکانی موستەفا بەلاز، ئەمین حسەینزادە و عەلی فارووقی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کراون.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گەلاوێژیش (١١ی ئاگۆست) هاووڵاتییەکی تر بە ناوی محەممەد کەریمی‌خاە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کراوە.

هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە.