لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی ئەشکان جەمشیدی و مادێح مورادی لە شاری سنەی پارێزگای کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٦ی خەرمانان (٢٨ی ئاگۆست) ئەشکان جەمشیدی، خوێندکاری ئەندازیاریی بیناسازیی کۆلیژی یەزدانپەنای سنە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١١ی خەرمانان (٢ی سێپتامبر) هاووڵاتییەکی تر بە ناوی مادێح مورادی، خەڵکی گوندی «سەرهوویە»ی سنە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەم هاووڵاتییە لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپا و ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراوە. لە دواهەم حاڵەتدا ڕۆژی ١٤ی بەفرانباری ١٣٩٨ (٤ی ژانڤییەی ٢٠٢٠) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی لە گوندی سەرهوویە و دوای شکاندنی دەرگا و پەنجەرەکان دەستبەسەریان کرد. ناوبراو دوای ٢ مانگ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی شاری سنە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنی ئەم دوو هاووڵاتییە بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا (جولای و ئاگۆستی ٢٠٢٢) لانیکەم ٥٢ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شار و گوندە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کوردستاندا بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کراون.