لەسەر چارەنوسی سێ هونەرمەند بە ناوەکانی حسەین سەفامەنش، خەبات فەدایی و سامان یاسین کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە هۆی پشتیوانیکردنەوە لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم دواییانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی ڕەزبەر (٦ی ئۆکتۆبر) حسەین سەفامەنش، هونەرمەندی کوردی خەڵکی کرماشان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری تاران دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. ناوبراو لە چەند حەفتەی ڕابردوودا بۆ پاڵپشتیکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم دواییانە پۆستێکی لە ئێکاونتی ئینستاگرامەکەیدا بڵاو کردبۆوە و کۆتایی بە هاوکاریکردن لەگەڵ ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد و هەروەها ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی ئێران هێنابوو.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەزبەر (٢ی ئۆکتۆبر) سامان یاسین، شاعیر و گۆرانیبێژی ڕەپ و دیسلاڤی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەم شارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ناوبراویش لە لاپەڕەکەی خۆی لە ئینستاگرامدا چەندین پۆست و ستۆریی بۆ پاڵپشتیکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دژ بە کوشتنی ژینا (مەهسا) ئەمینی بڵاو کردبۆوە.

لە درێژەی دەستبەسەرکردنەکاندا، ڕۆژی شەممە ٤ی ڕەبەر (٢٦ی سێپتامبر) خەبات فەدایی، هونەرمەندی کوردی خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

هەروەها دیار نییە ئەم سێ هونەرمەندە بە چ تۆمەتێک گیراون و لە چ شوێنێک ڕاگیراون.