تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و دوابەدوای بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی ناڕەزایی لە دەڕەشاری پارێزگای ئیلام، لانیکەم ٨ هاووڵاتی بە ناوەکانی حسەین ئەدیب، ڕەزا نەزەرپوور، پەیام ڕەزایی، پەیمان ڕەزایی، زەبیع قولی‌زاده، ڕەزا قاسمی، فەرزاد ئەسەدی و ڕەسوول کیانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کراون.

لەسەر چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوانە تا ئێستە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

شەوی چوارشەممە ٢٧ی ڕەزبەر (١٩ی ئۆکتۆبر) ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی دەڕەشار بۆ یەکەم جار گردبوونەوەیەکی نارەزاییانەیان بەڕێوە برد. دوابەدوای بەڕێوەچوونی ئەم گردبوونەوەیە شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستی پێ کردووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەستبەسەر کراون.