تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە سامان یاسین (سەیدی)، گۆرانیبێژی ڕەپ و دیسلاڤی خەڵکی کرماشان، لە ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی گەڵاڕێزانەوە (٩ی نۆڤامبر) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست قەدەغەبوونی دیداری بنەماڵە و هەروەها نادیاربوونی بارودۆخی خۆی، لە زیندانی ئێڤینی تاران مانی لە خواردن گرتووە.

لە دووهەم ڕۆژی مانگرتنی ئەم هونەرمەندە کوردەدا لە دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤینەوە پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا گیراوە و ئەوان توانیویانە دیدارێکی کابینی (لە پشتی شووشەوە) لەگەڵ ساماندا بکەن.

ناوبراو گەرچی لەم دیدارەدا وتوویەتی دۆخی تەندروستیم باشە، بەڵام هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر ڕەوتی دادگاییکردن و دۆخی ڕاگرتنی خۆی لە زیندان بە بنەماڵەکەی نەداوە.

سەرەڕای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەندێ هەواڵ لەسەر دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بۆ ئەم هونەرمەندە بڵاو بووەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێک لەم بارەیەوە بە خۆی و بنەماڵەکەی ڕانەگەیەنراوە.

هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێران لە ڕێکەوتی ٧ی گەڵاڕێزاندا (٢٩ی ئۆکتۆبر) هەواڵی بەڕێوەچوونی دادگای چەند خۆپیشاندەرێکی دەستبەسەرکراویان بڵاو کردەوە کە ناوی سامان سەیدییشی تێدا بوو. هەر لەم ڕۆژەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە دانپیانانە زۆرەملێیەکانی ئەم گۆرانیبێژە لە ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا بڵاو کرایەوە و وترا کە تۆمەتی «موحارەبە» و «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

بەڕێوەچوونی دادگا بە تۆمەتی «موحارەبە»وە و بڵاوکردنەوەی دانپیانانە زۆرەملێیەکانی سامان یاسین، بوو بە مایەی نیگەرانیی بنەماڵە و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ لەمەڕ ئەگەری سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەم هونەرمەندە و تۆمەتبارانی دیکەی ناو ئەو دادگایەدا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم هونەرمەندە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکردنەوە تا ئێستە مۆڵەتی دیاریکردنی پارێزەری پێ نەدراوە و بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراوەتە ژێر گوشار و ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و ڕۆحییەوە.

سامان یاسین لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەردا (٢ی ئۆکتۆبر) دوای ئەوەی دەستبەسەر کرا برایە دادسەرای ئەمنییەت لە زیندانی ئێڤین و پاشان گوازرایەوە بۆ زیندانی فەشافوویە. ناوبراو دوای نزیکەی دوو حەفتە مانەوە لە زیندانی فەشافوویە ڕەوانەی زیندانی ئێڤینی تاران کرا.