دوابەدوای بڵاوکردنەوەی دووبارەی دانپیانانی زۆرەملێی ٤ ئەندامی دەستبەسەرکراوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە ناوەکانی پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار لە تەلەڤیزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتی «سیخوڕی»، نیگەرانیی بنەماڵە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕای گشتی لە ئاست چارەنووسی ئەم کەسانەدا و ئەگەری سەپاندنی حوکمی قورس بەسەریاندا، پەرەی سەندووە.
تەلەڤیزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەزدا (٥ی دێسامبر) بۆ دووهەم جار ڤیدیۆی دانپیانانی زۆرەملێی پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەرباری بڵاو کردەوە. لەم ڤیدیۆیەدا دەوترێت کە ئەم ٤ ئەندامەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان گرێدراوی «دامودەزگا سیخوڕییەکان» بوون و لە شاری ئیسفەهان دەستبەسەر کراون. پێشتر و لە ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژدا (٢٣ی جولای) هەواڵنێرییەکانی سەر بە حکوومەتی ئێران، لەوانە هەواڵنێریی «نوورنیووز»، ڕایانگەیاندبوو کە ئەم کەسانە لە چەندین مانگ پێشترەوە بە ڕێنوێنیی «بەرپرسی مووساد و لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە» چوونەتە ناو ئێران و ناوەندێکی هەستیاری ئێرانیان دەستنیشان کردووە و ویستوویانە بیتەقێننەوە کە لە «یەکێک لە ئاڵۆزترین چالاکییەکانی دەزگای هەواڵگریی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا» دەستبەسەر کراون.

پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار لە ڕێکەوتی ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠١دا (٢ۆی جولای ٢٠٢٢) دەستبەسەر کران. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠١دا (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) ڕایگەیاندبوو کە ئەم چوار ئەندامە دەستبەسەرکراوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە بۆ کاروباری ڕێکخستن ڕەوانەی شاری ورمێ کرابوون، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای ورمێوە لە گوندێکی ئەم شارە دەستبەسەر کراون.

یەک لە ئەندامانی بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتبووی: «بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، ئەم کەسانە تەنها بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی ڕێکخستن و کاری سیاسی نێردرابوون بۆ ورمێ و هیچ چەکوچۆڵێکیان پێ نەبووە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لەم ماوەیەدا چەندین جار بنەماڵەکانی ئەم کەسانە لە شارەکانی کامێران، سنە، دێولان و مەهابادەوە سەردانی ورمێیان کردووە و داوای ڕوونکردنەوەی چارەنووسی منداڵەکانیان کردووە، بەڵام دادگا و دامودەزگا ئەمنییەکانی ئەم شارە تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان پێ نەداونەتەوە.

دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی دوای دەستبەسەرکردنی ئەم کەسانە وەک هەمیشە بە دووپاتکردنەوەی سیناریۆ هەڵبەستراوەکانی خۆیان، ڕایانگەیاند کە ئەم کەسانە سەر بە مووسادی ئیسراییل بوون و ئەمەیش بووەتە هۆی تەشەنەسەندنی شەپۆلی نیگەرانییەکان لە ئاست چارەنووسی ئەم چوار ئەندامەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستاندا.

لە نامەیەکدا کە لە لایەن بنەماڵەی پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربارەوە بڵاو کراوەتەوە، لە جاوید ڕەحمان، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێراندا، کۆمیتەی دزۆینەوەی حەقیقەتەکانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئێران، ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی و ڕای گشتی و هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و خەڵکی ئازادیخواز داوا کراوە هەنگاوی کرداری و پێویست بۆ پاراستنی گیانی ئەم ٤ کەسە بگیرێتە بەر.