لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا و دوابەدوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی جوانڕۆ، هێزەکانی سپای پاسداران لە هەموو شەقامەکانی جوانڕۆدا جێگیر کراون و دەوترێت دۆخێکی قورسی ئەمنی و سەربازی باڵی بەسەر ئەم شارەدا گرتووە. هەروەها لانیکەم ١٠ هاووڵاتی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بەفرانبار (١ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) کاسبکاران و بازاڕییانی جوانڕۆ وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا، مانیان گرت و دووکان و بازاڕیان داخست.

هەروەها هێزەکانی سپای پاسداران بە ئامادەبوونی بەربڵاو لە سەرجەم شەقامەکانی ئەم شارەدا فەزای ترساندن و تۆقاندنیان بەسەر شارەکەدا سەپاندووە. لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ١٠ هاووڵاتی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. ناسنامەی ٨ لەم دەستبەسەرکراوانە ئاوا ڕاگەیەنراوە: یاسر هیدایەتی، ئوسامه یووسفی، فەرەیدوون ئەحمەدی، ئیدریس بەدیعی، ئیدریس فەتحی، یەحیا عەبدی، شاهین خودامورادی و سادق موستەفایی.

ڕۆژی شەممە ١٠ی بەفرانبار (٣١ی دێسامبری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی جوانڕۆدا کە لە لایەن هێزە سەربازی-ئەمنییەکانەوە بە قورسی سەرکوت کرا، هاووڵاتییەکی ٢٢ ساڵان بە ناوی بورهان ئێلیاسی بە دەسڕێژی هێزەکانی سپای پاسداران کوژرا. هەروەها لانیکەم ١٥ هاووڵاتییش بە گوللەی ساچمە و فیشەکی شەڕی هێزەکانی سپا بریندار بوون.