بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی بەفرانبار (١٠ی ژانڤییە) لانیکەم ٤ هاووڵاتی، لەوانە منداڵێک، بە ناوەکانی کەمال زاهیری، پارسا ئەفشارنیا، پێدرام غەفووری و موعید حسەینی، قوتابیی ١٧ ساڵان، دوابەدوای هێرشکردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

دوابەدوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارە لە ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانباردا (٣١ی دێسامبری ٢٠٢٢) هەتاکوو ئەمڕۆ لانیکەم ٣٣ هاووڵاتی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستەبسەر کراون.

ناونیشانی دەستبەسەرکراوان:
مانی نووری ۱۷ ساڵان، ماهان بابایی ۱۴ ساڵان، حیسام محەممەدی‌تەبار، ئەرسەلان نەزەری، ڕامسین ڕەحیمی ۱۶ ساڵان، فەرزاد مەجیدی، ئوسامه یووسفی، فەرهاد مەنووچێهری، ساسان بەهرامی، میکاییل وەیسی، یەحیا مورادی، نەوید مورادی، پەیام سدیقی، کەیوان سەرچەمی، سادق موستەفایی، ئالان وەیسی قوتابیی ۱۶ ساڵان، بەردیا عەزیزی، یاسر هیدایەتی، ئیدریس بەدیعی، شاهین مورادی، یەحیا عەبدی، ئیدریس فەتحی، فەرەیدوون ئەحمەدی، ئێرشاد محەممەدی، ئاسۆ یاری، زانا سەحراگەرد، مەیسەم فەتحی، بەرزان ئیمامی، سەهەند ئاقایی، کەمال زاهیری، پارسا ئەفشارنیا، پێدرام غەفووری و موعید حسەینی قوتابیی ١٧ ساڵان.

تا ئێستە یاسر هیدایەتی، پەیام سدیقی، ڕامسین ڕەحیمی و ئالان وەیسی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون، بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی دەستبەسەرکراوانی تر لە بەردەستدا نییە.

سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە جوانڕۆ باس لە سەپاندنی کەشی ترساندن و تۆقاندن لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەسەر شارەکەدا دەکەن، بە شێوەیەک کە ژمارەیەک لە لاوانی ئەم شارە لەبەر مەترسیی دەستبەسەرکردنی شەوانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە شارەکەیان بەجێ هێشتووە.