لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی مەسعەب خدری و مەزهەر مورادی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە جوانڕۆ دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

دوابەدوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارە لە ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانباردا (٣١ی دێسامبری ٢٠٢٢) هەتاکوو ئەمڕۆ لانیکەم ٤٠ هاووڵاتی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، مەزهەر مورادی و مەسعەب خدری، وەرزشکار و ڕاهێنەری بۆکس، بە ڕیز لە ڕێکەوتی ٢٤ و ٢٥ی بەفرانباردا (١٤ و ١٥ی ژانڤییە) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە جوانڕۆ دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتییانە بەردەست نەکەوتووە.

ناونیشانی ٣٥ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو لە جوانڕۆ:
مانی نووری ۱۷ ساڵان، ماهان بابایی ۱۴ ساڵان، حیسام محەممەدی‌تەبار، ئەرسەلان نەزەری، ڕامسین ڕەحیمی ۱۶ ساڵان، فەرزاد مەجیدی، ئوسامه یووسفی، فەرهاد مەنووچێهری، ساسان بەهرامی، میکاییل وەیسی، یەحیا مورادی، نەوید مورادی، پەیام سدیقی، کەیوان سەرچەمی، سادق موستەفایی، ئالان وەیسی قوتابیی ۱۶ ساڵان، بەردیا عەزیزی، یاسر هیدایەتی، ئیدریس بەدیعی، شاهین مورادی، یەحیا عەبدی، ئیدریس فەتحی، فەرەیدوون ئەحمەدی، ئێرشاد محەممەدی، ئاسۆ یاری، زانا سەحراگەرد، مەیسەم فەتحی، بەرزان ئیمامی، سەهەند ئاقایی، کەمال زاهیری، پارسا ئەفشارنیا، پێدرام غەفووری، موعید حسەینی قوتابیی ١٥ ساڵان، مەسعەب خدری و مەزهەر مورادی.

تا ئێستە یاسر هیدایەتی، پەیام سدیقی، ڕامسین ڕەحیمی و ئالان وەیسی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون، بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی دەستبەسەرکراوانی تر لە بەردەستدا نییە.

سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە جوانڕۆ باس لە سەپاندنی کەشی ترساندن و تۆقاندن لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەسەر شارەکەدا دەکەن، بە شێوەیەک کە ژمارەیەک لە لاوانی ئەم شارە لە مەترسیی دەستبەسەرکردنی شەوانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە شارەکەیان بەجێ هێشتووە.