بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار (١٨ی ژانڤییە) هێزە ئەمنییەکان لە شاری پیرانشاری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ١٠ هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی موبین حسەینزاده، فەخرەدین ئومیدفەڕ، قادر ئومیدفەڕ، وەفا ڕەسوولیئازەر، تەها ڕەسوولیان، ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور ، شاهۆ عەبدوڵڵاپور، موحسێن قادری، سینا دەشمیر و قادر محەممەدپوور دەستبەسەر کردووە و گواستوونیانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
دەوترێ بە دەیان هێزی ئەمنی بە شێوەی هاوکات لە شاری پیرانشار و گوندی «گەزگسک»ی ئەم شارە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییانە و وێڕای پشکنینی ماڵەکان، ئەو کەسانەیان دەستبەسەر کردووە.
لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتی سەر ئەم هاووڵاتییانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.