بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی ڕێبەندان (١ی فێبرییە) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە یەکێک لە شەقامەکانی سنەدا وەرزشکارێکیان بە ناوی پوویا ڕوستەمیپوور دەستبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە شاری سنە.

هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و دەستیان گرتووە بەسەر هەندێ کەلوپەلی کەسیی بنەماڵەکەیدا کە مۆبایل، کۆمپیتەر و… لە ڕیزی ئەو کەلوپەلانەدا بوون.

دەوترێت ئەم هاووڵاتییە لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەری دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی سنەدایە و تا ئێستا مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەی پێ نەدراوە.

پوویا ڕوستەمیپوور، ٣٢ ساڵن، خەڵکی سنە، ڕاهێنەری وەرزش و دەرچووی بەشی بیۆکیمیایە.