بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە بە ناوی ئارام ئازاد کە نزیکەی مانگێک لەمەوپێش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرا، تا ئێستایش لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا دەستبەسەرە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە.

دەوترێت ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوو و لە چەند پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ڕایگەیاندووە کە لێپرسەوە ئەمنییەکان خستوویانەتە ژێر گوشارێکی فراوانەوە تاکوو دان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.

تا ئێستا لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ئەم هاووڵاتییە کراوەتەوە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.