کاوە سەلیمی، چالاکی مەدەنیی کوردی یارسان، ڕۆژی ١٤ی ڕەشەمە (٥ی مارس) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری کرماشان دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزە ئەمنییەکان وێڕای پشکنینی ماڵەکە دەستیان گرتووە بەسەر هەندێ کەلوپەلی کەسیی ئەم هاووڵاتییەدا و لەوانە مۆبایل، تەبلێت و هەندێ کەرەستە و کەلوپەلی دیکە.

ئەم چالاکە مەدەنییە لەم حەفتانەی دواییشدا لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بە تەلەفۆن بانگهێشت کرابوو و دوای سەردانکردنی ئەم دەزگا ئەمنییە خرابووە ژێر لێپرسینەوە.

کاوە سەلیمی باوکی دوو منداڵی کەمتەمەنە و بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانی ئەم هاووڵاتییە بەردەست نەکەوتووە.