دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی موختار مینبەری و میلاد نەسری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ی جۆزەردان (٣١ی مەی) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی میلاد نەسری لە شاری سنە و وێڕای پشکنینی ماڵەکە، ئەم هاووڵاتییەیشیان دەستبەسەر کردووە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٨ی جۆزەردان (٢٩ی مەی) موختار مینبەری، خەڵکی گوندی «نیەر»ی سنە، لە دەروازەی ئەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

دەوترێت ئەم دوو هاووڵاتییە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراون. لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم دوو کەسە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.