بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٣ی جۆزەردان (١٣ی ژوەن) هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی «سلێن»ی هەورامانی سەر بە شاری سەوڵاوای پارێزگای کوردستان بە ناوی عارف ئەدوایی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

دەوترێت کاتژمێر ٦ی بەیانیی ئەمڕۆ هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان بە چەندین ئۆتۆمبیل چوونەتە ناو گوندی سلێن و بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.

ئەم هاووڵاتییە لە دۆخێکدا دەستبەسەر دەکرێت کە ڕۆژی ڕابردوو بەرزاییەکانی زنجیرەچیای کۆساڵان لە نێوان ئەم گوندە و گوندی ڕەزاودا لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە تۆپباران کرا و کاروانێکی سەربازیی سوپا بە مەبەستی دروستکردنی جادە و سەربازگەی نوێ ڕەوانەی ئەم ناوچەیە کراوە.

گوندی سلێن دەکەوێتە ناوچەی هەورامانی سەوڵاواوە لە پارێزگای کوردستان. لە ساڵانی ڕابردوودا ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بە بیانووی هاوکاریکردنی خەڵکی ئەم گوندە لەگەڵ هێزەکانی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکاندا دانیشتووانی سلێنیان خستووەتە ژێر گوشارەوە و تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتیی ئەم گوندە لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت، لێپرسینەوە و دەستبەسەر کراون.