ڕۆژی دووشەممە ٥ی پووشپەڕ (٢٦ی ژوەن) ٢ هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقزی پارێزگای کوردستان بە ناوەکانی میلاد فازڵپوور و هێمن حسەینی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٥ی پووشپەڕ (٢٦ی ژوەن) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی میلاد فازڵپوور لە گوندی «ملقەڕنێ»ی سەقز و بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.

هاوکات هاووڵاتییەکی تری خەڵکی سەقز بە ناوی هێمن حسەینی دوای هێرشکردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان لە شاری سەقز، دەستبەسەر کراوە.

ئەم دوو هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراون و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مانگی جۆزەرداندا (مەی و ژوەن) لانیکەم ٧٠ هاووڵاتی و لەوانە بنەماڵەی دادخوازان و هەروەها چالاکانی کورد لە شار و گوندە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و خووزستان، بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کراون.