تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی سێشەممە ١٧ی گەلاوێژ (٨ی ئاگۆست) چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی گوندی «سیسەر»ی سەردەشت بە ناوی ڕامین حەسەننژاد لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە شارۆچکەی ڕەبەتی سەردەشت دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان،لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا (ژوەن و جولای ٢٠٢٣) لانیکەم ٥٤ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، ئیلام و تاران، بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. لە نێو دەستبەسەرکراوانی ئەم مانگەدا ٢ کەسیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون، بەڵام ئەوانی دیکە، لەوانە دوو منداڵ، هێشتا هەر دەستبەسەرن یاخود هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.