دەمەوبەیانی ئەمڕۆ حوکمی لەسێدارەدانی ٣ زیندانی بە ناوەکانی داوود قاسمزادە، بەهائەدین قاسمزادە و ئەنوەر عەبدوڵڵاهی کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» حوکمی قەساسی نەفس (ئێعدام)یان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ورمێ جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم سێ زیندانییە ڕۆژی ڕابردوو لە بەندی ئەمن و بەندی ٤ی زیندانی ورمێوە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدام ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون و بە ئامادەبوونی ئەولیای دەم (بنەماڵەی کوژراوان) لە سێدارە دراون.

حوکمی لەسێدارەدانی داوود قاسمزادە لە حاڵێکدا جێبەجێ کراوە کە ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکردندا بە هۆی تەقەکردنی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتەوە تووشی زەبری مرۆخە (نوخاع) ببوو و لەسەر ویلچێر دەجووڵا. داوود و بەهائەدین قاسمزادە لە ڕێکەوتی ١٢ی سەرماوەزی ١٣٨٨ لە شاری ورمێ دەستبەسەر کران. ئەم دوو برایە ساڵی ١٣٩١ لە لایەن دادگای کەیفەریی ورمێوە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست حوکمی قەساسی نەفس (ئێعدام)یان بەسەردا سەپا و ساڵی ١٣٩٢ حوکمەکە وەک خۆی پەسەند کرایەوە. هەروەها ئەنوەر عەبدوڵڵاهی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهابادیش نزیکەی ١٢ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و حوکمی قەساسی بۆ دەرچووبوو.

ڕاستکردنەوەی هەواڵەکەی دوێنێ:

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دوێنێ بە پشتبەستن بە وتەکانی دوو سەرچاوەی ئاگادار لە زیندانی ورمێ ڕایگەیاندبوو کە بەهائەدین قاسمزادە لە کاتی دەستبەسەرکردندا تەمەنی ١٦ ساڵ بووە. بەڵام ڕۆژی ڕابردوو، دوابەدوای گواستنەوەی ئەم زیندانییانە بۆ ژووری تاکەکەسی، بەدواداچوونی زیاتر بۆی دەرخستین کە ناوبراو لەدایکبووی ١٣٦٨ی هەتاوییە و لە کاتی دەستبەسەرکردندا تەمەنی ٢٠ ساڵ بووە. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەبەر ئەم هەڵەیە کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئیمکانی پێوەندیگرتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بنەماڵەی ناوبراودا بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە، داوای لێبوردن دەکات.