دوابەدوای پەرەسەندنی مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی زیندانیی سیاسیی کورد حەیدەر قوربانی، زیاتر لە ١٠٠ چالاکی سیاسی و مەدەنیی کورد لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران لە دووتوێی نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ بەرپرسانی دەزگای دادوەری، داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانییان کرد.

لە بەشێکی ئەم بەیاننامەیە کە لەگەڵ پێرستی ناوەکاندا بۆ بڵاوکردنەوە دراوەتە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نووسراوە: «دوابەدوای ڕەتکردنەوەی داواکاریی پێڕەوکردنی مادەی ٤٧٧ی یاسای داگاییکردنی کەیفەری لە دیوانی باڵای ئێراندا، مەترسیی جێبەجێکردنی خێرای حوکمی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە ئارادایە. بە درێژایی ئەم ساڵانە بنەماڵەی ئەم زیندانییە هاوکات هەم ڕەنجی زیندانیبوونی سەرپەرشتی بنەماڵەیان لە کۆڵ هەڵگرتووە و هەم تووشی گەلێ سەختی و کێشەی قورس بوون».

لەم بەیاننامەیەدا پێداگری لەسەر مافی ژیان وەک یەکەمین و بنەماییترین مافی مرۆڤەکان کراوە: «مافی ژیان سەرەکیترین و سروشتیترین مافی هەر مرۆڤێکە کە لە هەموو باوەڕ و ڕێبازەکاندا پێگەیەکی بەرزی هەیە. پێشێلکردنی نەفسی مافی ژیان بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە. بە باوەڕی ئێمە نە توندوتیژی و ئەستاندنی گیانی مرۆڤەکان قبووڵکراوە و نەش بەپیرۆزکردن و پەرەپێدانی توندوتیژی. کۆمەڵگای ئێمە لەم ڕۆژە دژوارانەدا زیاتر لە هەموو شت پێویستی بە ئاسانگیری و لێکبوردن و ڕێزگرتنە لە مافەکانی یەکتر».

ئیمزاکەرانی ئەم نامەیە کە بریتین لە کەسایەتییە سیاسی و مەدەنییەکان، پاڕێزەرانی مافی مرۆڤ و میدیاکاران، لە کۆتایی نامەکەیاندا نووسیویانە: «ئێمە وەک ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، داوا لە هەموو مرۆڤدۆستان و باوەڕمەندان بەم مافانە و هەروەها بەرپرسانی دەزگای دادوەری دەکەین دەرفەتی ژیان لە حەیدەر قوربانی نەسنرێتەوە و بە هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی ناوبراو سڵاوێک بۆ ژیان بنێرین و بنەماڵە ئازاردیتووەکەی لەم ساتەوەختە گورچکبڕانە ڕزگار بکەین، هیوادارین هەر ئەمەش ڕوو بدات».

پێشتریش زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی کوردی شارەکانی کامێران، مەریوان، سنە و کرماشان و هەروەها ٥٠ زانای ئایینی سوننی و بەرنوێژانی کوردستانبە واژۆکردنی تۆمار و نامە بۆ ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانییان کردبوو.

ساڵح نیکبەخت لە ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٩ لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێریی ئیلنا وێڕای ئاماژەکردن بەم نامەیە و هەوڵە یاساییەکانی خۆی، ڕای گەیاندبوو کە هیوادارە بە قبووڵکردنی داواکاریی پیاچوونەوە بە دۆسیەکەدا: «دوابەدوای داواکاریی ٥٠ کەس لە زانایان و بەرنوێژانی کوردستان و هەروەها داواکارییەکەی من و پارێزوانەکەم (حەیدەر قوربانی) بۆ پێڕەوکردنی مادەی ٤٧٧ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری، خۆشبەختانە ئەم داواکارییە لە تارانەوە نێردراوەتەوە بۆ دادگوستەریی گشتیی پارێزگای کوردستان و دەبێ سەرۆکی دادگوستەریی گشتیی پارێزگای کوردستان لەم داوایە بکۆڵێتەوە».
بەڵام لەم ڕۆژانەی دواییدا و دوابەدوای ڕەتکردنەوەی داواکاریی پێڕەوکردنی مادەی ٤٧٧ی یاسای داگاییکردنی کەیفەری لە دۆسیەکەی حەیدەر قوربانیدا لە لایەن سەرۆکی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای کوردستانەوە، نیگەرانییەکان لە ئاست جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییەدا پەرەی سەندووە. پارێزەرەکەی دەڵێت: «ئێستا حوکمەکە پەسەند کراوە و ئەگەڕی جێبەجێکردنی خێرای لە ئارادایە».

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خەرمانان لە بەیاننامەیەکدا داوای لە چالاکانی نێو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان لە ڕاگەیاندنە گشتییەکان و هاووڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کردووە هەموو هەوڵی خۆیان بۆ بەرگرتن بە جێبەجێکردنی حوکمەکەی حەیدەر قوربانی بخەنە گەڕ.

لە بەشێک لەم بەیاننامەیەدا نووسراوە: « هەرچەندە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە لە ڕەوتێکی نادادپەروەرانەدا ئەم جۆرە حوکمانە دەر دەکات، زۆرجار بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەڵگەنامە یاساییەکان، ناڕەزاییە نێونەتەوەییەکان و گوشارەکانی ڕای گشتی حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییان و چالاکانی جێبەجێ کردووە، بەڵام ئەرک و بەڵێنی ئێمە وا دەکات لە تەنیشت ئەو هەوڵە یاساییانەی لە دووتوێی یاسا نێوخۆییەکانی ئێراندا لە لایەن پارێزەران و بنەماڵەکانەوە بە ئەنجام دەگەیەنرێت، ئێمەیش هەوڵەکانمان لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕای گشتییەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم جۆرە حوکمە نادادپەروەر و نامرۆڤانەیە درێژە پێ بدەین».

حەیدەر قوربانی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران، لە ڕەزبەری ١٣٩٦دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی چەندین مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و ئیدارەی ئاگاهیی ئەم شارە خرایە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە تاکوو بە زۆر دان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.

لە ڕەشەمەی ١٣٩٦دا دانپیانانە زۆرەملێکانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە کەناڵی پرێس تیڤییەوە و لە ژێر ناوی «شۆفیری مەرگ»دا بڵاو کرایەوە. ناوبراو لە ڕەزبەری ١٣٩٨دا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی سنەوە بە گشتی حوکمی ٩٠ ساڵ زیندان و ٢٠٠ قامچیی بۆ بڕایەوە.

لە ڕێبەندانی ١٣٩٨دا دۆسیەکەی تری ئەم زیندانییە سیاسییە لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا کەوتە بەر لێکۆڵینەوە و لە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ لە زیندانی ناوەندیی سنە پێی ڕاگەیەنرا کە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ساڵح نیکبەخت، پارێزەری حەیدەر قوربانی، وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتی «بەغی» لەسەر پارێزوانەکەی، وتوویەتی: «دادگای شۆڕشی ئیسلامیی شاری سنە بە تۆمەتی «بەغی» حوکمی لەسێدارەدانی بەسەر حەیدەر قوربانیدا سەپاندووە، لە حاڵێکدا کە مەرجی ئەنجامدانی تاوانی بەغی ئەندامبوونە لە گرووپێکی چەکدار و بەکارهێنانی چەک لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا. پارێزوانەکەی من تەنانەت لەو دۆخە دژوار و سەختەشدا کە تێی پەڕاندووە، بە هیچ شێوەیەک دانی بە ئاوا شتێکدا نەناوە و تاکەبەڵگە بۆ سەلماندنی ئەم تۆمەتە ئیدیعاکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی سنە و کامێرانە».

پێرستی ناوەکانی ئەم بەیاننامەیە:
ئیبراهیم ئەحمەدپوور، ئومید ڕەشیدی، ئێجلال قەوامی، ئەحمەد زەینیوەندی ئیلامی، ئێحسان نیکپەی، ئیرەج قادری، ئیسماعیل سەیدمەحموودیان، ئەرسەلان پزیشکی، ئیرەج عیبادی، ئیسماعیل ئەمینی، ئەحمەد ئێران‌پەنا، ئیدریس مینبەری، ئازاد نمەکی، ئاکۆ کوردنەسەب، ئەحمەد پزیشکی، ئیبراهیم خانی‌زاد، ئومید قادری، ئەریفان شاکری، ئومید موستەفاپوور، ئەردەشیر غوڵامیپوور، ئیسماعیل ئەمینی، بێهزاد پزیشکی، بەکر پزیشکی، ڕەحمان ئەحمەدی، دلێر ئەسکەندەری، ڕەزا شەجیعی، ڕەشید ئیلخانیزاده، ڕامین ساڵحی، ڕەفیق پزیشکی، ڕووناک زەینیوەند، زارا محەممەدی، زاهید نیکڕەوش، ڕەئوف کەریمی، کاک حەسەن ئەمینی، حامید فەرازی، حاسڵ داسه، حەمیدڕەا سەمەدی، حەسەن کەریمی، حامید محەممەدی، جەمال مورووەتی، جەلال خودامورادی، خالید تەوەکولی، جەبار دەست‌باز، جەمال قادرنژاد، جەمال دانشمەند، سەعید نەجاڕی (ئاسۆ)، سەعید زەکی، سیاوەش حەیاتی، سەلام پزیشکی، سەیدئەمین عەباسی، سۆما پوورمحەممەدی، سەید عەبدوڵڵا سەعدەیی، سەید محەممەد حەسەنزاده، سەیوان ئیبراهیمی، سومەییه ڕەحیمی، سەلام پزیشکی، سەید عەلیڕەزا جەمشیدی، عیرفان حسەینی، شەهرام سەفەری، شوانه تاجگەردوون، شاهێد ئەمینی، شوکروڵڵا پزیشکی، شیوا ئەیازی، سەلاح پزیشکی، سەدر کشاوەرز، عوسمان نووری، عەبدوڵڵا سوهرابی، عەلی والایی، عەلی دڵاویز، عیرفان حسەینی، فەرهاد ئەمینپوور، فەرهاد هادی، فەرید نیکنەفس، فەرهاد پزیشکی، فاتێح بادپەروا، فەرزاد پزیشکی، فەرید سەفاری، سدیق ڕوستەمی، سەباح دووستی، کەیوان کەمانگەرنەسەب، کوروش ئەمینی، کامران پزیشکی، گوڵ‌جەهان جەهانگیری، موحسین ڕەزەوی، ماجید مەردۆخ ڕۆحانی، مەسعوود کوردپوور، مێهدی ستاری، مەحموود مەحموودی، مەنسوور پەرەندی، مەهناز ئاقایی، مەحموود موبارەکشاهی، موحسین مورادی، مەسعوود چراغی، موحسین کاویانی، موسلیم سەعیدپوور، محەممەد بێکەس، محەممەدباقر پیری، یووسف حاجی خۆش، یەحیا سوهرابی، نووشین محەممەدی، مووسا ئومیدی، محەممەد پزیشکی، محەممەدساڵح عەباسی، نۆشاد تاهیری، هۆشیار بابایی، هاشم حسەینپەناهی، هۆشیار میرزایی، هادی محەممەدیان، هێمن ڕەحیمی، وەفا پزیشکی، لوقمان پزیشکی، نەجەف مێهدی‌پوور