تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە دەمەوبەیانی ئەمڕۆ هەینی ٢٠ی جۆزەردان (١٠ی ژوەن) لانیکەم دوو زیندانی بە ناوەکانی قلیچ شکووهی و وەحید بێهمەرام کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە حوکمی ئێعدامیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دراون.

ئەم دوو زیندانییەی خەڵکی ورمێ ڕۆژی ڕابردوو لەگەڵ زیندانییەکی تردا بە ناوی محەممەدڕەزا قوربانزادە بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکانیان لە بەندی ١٥وە گوازرابوونەوە بۆ ژووری تاکەکەسی. تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ڕەزا قوربانزادە بەردەست نەکەوتووە.