تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە دەمەوبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ی گەلاوێژ (٢٧ی جولای) حوکمی لەسێدارەدانی دوو ژنی زیندانی بە ناوەکانی سوهەیلا عابیدی و فەرانەک بەهەشتی لە زیندانە ناوەندییەکانی سنە و ورمێ جێبەجێ کراوە. ئەم دوو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.

سوهەیلا عابیدی، ٣٣ ساڵان و خەڵکی بیجاڕی پارێزگای کوردستان کە لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا ببووە قوربانیی منداڵ-هاوسەری، لە ساڵی ١٣٩٣دا بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی هاوسەرەکەی دەستبەسەر کرابوو و حوکمی «قەساسی نەفس» (لەسێدارەدان)ی بەسەردا سەپابوو.

هەروەها فەرانەک بەهەشتی، خەڵکی تکابی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی هاوسەرەکەی دەستبەسەر کرابوو و حوکمی «قەساسی نەفس» (لەسێدارەدان)ی بەسەردا سەپابوو.

ئەم دوو زیندانییە ڕۆژی ڕابردوو بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ و بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنەوە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون.