بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٩ی بەفرانبار (٩ی ژانڤییە) دوو بەندکراو بە ناوەکانی ڕەشید لێوەندپوور و خالق خزرزادە لە زیندانە ناوەندییەکانی کەرەج و بەندەرعەباس لە سێدارە دران.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕەشید لێوەندپوور خەڵکی گوندی «خەرگووش»ی ورمێ، چەندساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو. ناوبراو ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی کەرەج کرابوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سێدارە درا.

هەروەها خالق خزرزادە، ٣٢ ساڵان و خەڵکی پیرانشار، لە ڕەزبەری ١٣٩٩دا (ئۆکتۆبری ٢٠٢٠) بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو.

ئەم زیندانییە چەند ڕۆژ پێش بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی بەندەرعەباس کرابوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەر لەو زیندانە لە سێدارە درا.