بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی بەفرانبار (١٢ی ژانڤییە) سزای لەسێدارەدانی زیندانییەکی تر بە ناوی عەلی گەراوەند کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ئەراک جێبەجێ کراوە.

ئەم بەندکراوە ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ چوار بەندکراوی دیکەدا بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی ڕابردوو ناسنامەی دووان لەو زیندانییە لەسێدارەدراوانەی ئازاد دادوەند و کەیوان ئەمینی تەوەکول ڕاگەیاندبوو.

عەلی گەراوەند، ٢٧ ساڵان و خەڵکی کووهدەشتی لوڕستان، نزیکەی ٣ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.

سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییانە بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و ڕەچاوکردنی مافی دوایین دیدار جێبەجێ کراوە.