لە ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمی لەسێدارەدانی دوو زیندانی بە ناوەکانی شەریف خان‌ئەکبەری و سابینا ئیسماعیلزادە لە زیندانی ناوەندیی کەرەجدا جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووی ڕێبەندان (٢٢ی ژانڤییە) سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی سابینا ئیسماعیلزادە لە زیندانی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کراوە. ناوبراو خوێندکاری بیناسازی بووە و نزیکەی ٦ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبوو.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار (١٨ی ژانڤییە) حوکمی لەسێدارەدانی بەندکراوێکی تر بە ناوی شەریف خان‌ئەکبەری، خەڵکی هەرسینی پارێزگای کرماشان، لە زیندانی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کراوە. ئەم بەندکراوەیش چەند ساڵێک لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبوو.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە بەفرانباری ئەمساڵدا (کۆتایی دێسامبری ٢٠٢٢ و ژانڤییەی ٢٠٢٣) لانیکەم ١٤ هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانی کەرەج، کرماشان، ئەراک، سەڵماس، بەندەرعەباس و ئیلام بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە و «کوشتنی بەئەنقەست» لە سێدارە دراون.