سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژین، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای هەشت مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر لە ڕێکەوتی ٩ی بەفرانباری ١٤٠٢دا (٣٠ی دیسامبەری ٢٠٢٣) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ساڵێک بەندکران کە پێوەندیی بە دۆسیەیەکی دیکەوە بوو، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرابوو و ٤ی پووشپەڕی ئەمساڵ (٢٤ی ژوەنی ٢٠٢٤) لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕ (٣ی جولای) ئەم چالاکە ئەدەبی و فەرهەنگییە دوای بانگهێشتکران بۆ دادگای سنە دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای هەشت مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.

سەیوان ئیبراهیمی لە ڕێکەوتی ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٢دا (٣ی دیسامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «کەرەمی» بە تۆمەتی «پێکهێنانی دەستە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» بە ڕیز سزای ١٠ ساڵ و ١ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو. دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستان حەفتەی ڕابردوو تۆمەتی «پێکهێنانی دەستە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات»ی لە سەر لابرد و سزای ساڵێک بەندکرانەکەیش بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت»ی گۆڕی بۆ بۆ ٨ مانگ بەندکران.

ئەم ئەندامەی دەستەی بەرێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژین پێشتر و لە گەلاوێژی ١٤٠٢دا (جولایی ٢٠٢٣) بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» لە لایەن لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەریی سنەوە سزای یەک ساڵ بەندکران، دوورخستنەوە بۆ زیندانی دیزڵئاوای کرماشان و ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپابوو کە حوکمەکە لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستاندا گۆڕدرا بۆ لێدانی ٤٠ قامچی و ساڵێک بەندکران لە زیندانی ناوەندیی سنەدا.

ئەم مامۆستایەی زمانی کوردی لە ڕێکەوتی ٩ی بەفرانباری ١٤٠٢دا (٣٠ی دیسامبەری ٢٠٢٣) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ساڵێک بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا و ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣ (٢٤ی ژوەنی ٢٠٢٤) دوای ڕاگەیاندنی گەڵاڵەی ئازادکردنی ئەو زیندانیانەی کەمتر لە شەش مانگ لە ماوەی بەندکرانیان ماوە، لە زیندان ئازاد کرا.

سەیوان ئیبراهیمی ڕۆژی ١٣ی بەفرانباری ١٤٠١ (٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە کاتێکدا کە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی هاوژینەکەی، زارا محەممەدی، سەردانی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەی کردبوو، دەستبەسەر کرا و دوای ٢ ڕۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازادیان کرد. هەروەها جارێکی تریش لە ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری هەمان ساڵدا (١٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و دوای ٢٧ ڕۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.