بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٣ی ڕێبەندان (٢٣ی ژانڤییە) سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی سامان نەبی گەڕووسی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبوو، لە زیندانی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کراوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ٣٠ ساڵان و خەڵکی کەنگاوەر و دانیشتووی کەرەج بوو کە نزیکەی دوو ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبوو.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە یەک حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٣ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە لە زیندانی ناوەندیی کەرەج لە سێدارە دراون.