تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕێبەندان (٢٣ی ژانڤییە) سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی ئەحمەد زاڵی تەبار کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبوو، لە زیندانی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کراوە.

ئەم زیندانییە ٢٣ ساڵەیەی خەڵکی نوورئاباد (دولفان)، نزیکەی ٣ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبوو.

ئەحمەد زاڵی تەبار لەگەڵ سێ زیندانیی مەحکووم بە ئێعدامی دیکەدا بە ناوەکانی سامان نەبی گەڕووسی، ئومید کەرەمی و ئەبولفەزل بورقانی‌نژاد کە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕێبەندان (٢٣ی ژانڤییە) لە سێدارە دران.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە یەک حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٤ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە لە زیندانی ناوەندیی کەرەج لە سێدارە دراون.