بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، چەند کاتژمێرێک لەمەوپێش دوو بەندکراو بە ناوەکانی حەسەن تەیران و ئەفشین ئەمینخانی کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراون.

حەسەن تەیران، ٤٣ ساڵان، خەڵکی سەڵماس و ئەفشین ئەمینخانی، ٣٠ ساڵان و خەڵکی ورمێ، لە ساڵەکانی ١٣٩٩ و ١٤٠٠دا (٢٠٢١ و ٢٠٢٢) بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کران و سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)یان بۆ دەرچوو.

هەر ئەمڕۆ و هاوکات لەگەڵ گواستنەوەی ئەم دوو بەندکراوەدا بۆ ژووری تاکەکەسی، دوو زیندانیی دیکە بە ناوەکانی میلاد جاجەوی خاجیک و محەممەدعەلی ئەختەری کەهلان لەم زیندانەدا لە سێدارە دران.