بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٠ی ڕەشەمە (١ی مارس) سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی عەلی دوودکانلوو کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)ی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کراوە.

هەروەها سزای لەسێدارەدانی دوو زیندانیی دیکە بە ناوەکانی ڕامین شێرزادی و جەلال تاهیری لەبەر وەرگرتنی ڕەزامەندیی بنەماڵەی کوژراوان بە پێدانی دیە، جێبەجێ نەکراوە و ڕاگیراوە.

ئەم ٣ بەندکراوە لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەشەمەدا (٢٧ی فێبرییە) بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرابوون.

عەلی دوودکانلوو نزیکەی ٢ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)ی بۆ دەرچووبوو.

دەوترێت دۆسیەی لانیکەم ٢٨ بەندکراو بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان ڕەوانەی بەردەم نووسینگەی ئیجرای ئەحکامی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە.