لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی کەیۆمەرس سادقپوور و محەممەد دووستی‌نژاد کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانەکانی دیزڵئاوای کرماشان و هەمەدان جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٩ی ڕەشەمە (٢٨ی فێبرییە) زیندانییەکی خەڵکی داڵاهۆ بە ناوی کەیۆمەرس سادقپوور لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان لە سێدارە دراوە.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕەشەمەیش (١ی مارس) زیندانییەکی ٢٩ ساڵانی خەڵکی هەرسینی کرماشان بە ناوی محەممەد دووستی‌نژاد لە زیندانی هەمەدان لە سێدارە دراوە.

ئەم دوو بەندکراوە چەندساڵ لەمەوپێش پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی ماگەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای ڕەشەمەوە (٢٠ی فێبرییە) تا ئێستا لانیکەم ٧ زیندانیی کورد، لەوانە زیندانییەکی سیاسی، لە زیندانەکانی ورمێ، کرماشان و هەمەدان لە سێدارە دراون.