ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ گواستنەوەی سێ زیندانیی مەحکووم بە ئێعدامدا بۆ ژووری تاکەسیی زیندانی قزل حەساری کەرەج بە ناوەکانی عەبدولحسەین ئیمامی موقەدەم، حسەین پەنجەک و بابەک ئاقایی، بنەماڵە و خزمانی ئەم کەسانە تا نزیکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بەردەم زینداندا گرد بوونەوە و داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوانەیان کرد. هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللە هێرشیان کردە سەر گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی ئەم بنەماڵانە و چەندین کەسیان بریندار کرد.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ و سەرەڕای گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی بنەماڵەی ئەم زیندانییانە، هەرسێکیان لە زیندانی قزل حەسار لە سێدارە دران.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، عەبدولحسەین ئیمامی موقەدەم، باوکی منداڵێک و خەڵکی کووهدەشتی پارێزگای لوڕستان، نزیکەی ١٣ ساڵ لەمەوپێش، بابەک ئاقایی، خەڵکی تاران، نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش و حسەین پەنجەک، خەڵکی تاران، نزیکەی ١١ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو.

ئەم بەندکراوانە ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەرسێکیان لە زیندانی قزل حەساری کەرەج لە سێدارە دران.