بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی گوڵان (٢٠ی مەی) سزای لەسێدارەدانی سێ بەندکراو بە ناوەکانی سەعید گەراوەند، سەمەد گەراوەند و شەهاب مەنسووری نەسەب کە پێشتر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی قزڵ حەساری کەرەج جێبەجێ کراوە.

شەوی ڕابردوو بنەماڵەی ئەم سێ بەندکراوە لە بەردەم زینداندا گرد ببوونەوە و مانیان گرتبوو، بەڵام لە ئەنجامی تەقە و هێرشی هێزەکانی یەکەی تایبەتدا بە چەکی ساچمەیی و گازی فرمێسکڕێژ، لانیکەم ١٠ کەس بریندار بوون.

ئەم سێ بەندکراوە نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.

شەهاب مەنسووری نەسەب، باوکی منداڵێک، سەعید گەراوەند، باوکی منداڵێک و سەمەد گەراوەند، زگورت، هەرسێکیان خەڵکی گوندی «سەرتەرهان»ی کووهدەشت لە پارێزگای لوڕستان بوون.

لە یەک ساڵی ڕابردوودا دوو جاری تر ئەم سێ زیندانییە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون، بەڵام بە هۆی گردبوونەوە و مانگرتنی بنەماڵەکانیانەوە لە بەردەم زینداندا جێبەجێکردنی سزاکانیان بە شێوەی کاتی ڕاگیرابوو.