بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی ٩ی جۆزەردان (٣٠ی مەی) سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی عیزەتعەلی سەبزی و محەممەد کازمی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کراوە.

عیزەتعەلی سەبزی، ٤٤ ساڵان، باوکی منداڵێک و خەڵکی هەرسینی پارێزگای کرماشان، نزیکەی ٣ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو. ساڵی ١٣٩١ (٢٠١٢) برایەکی دیکەی ئەم زیندانییەیش بە ناوی فەردین سەبزی هەر بەم تۆمەتە لە سێدارە درابوو.

دەوترێت بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی کەرەج ئەم بەندکراوەیان وەک لیدەرێکی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردووی ئەم زیندانە لە قەڵەم دابوو و جێبەجێکردنی سزاکەیشی بە گوشار و زەختی بەرپرسانی زیندان بووە.

محەممەد کازمیی خەڵکی کەرەجیش چەند ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.