بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٦ی پووشپەڕ (١٧ی جولای) سزای لەسێدارەدانی زیندانییەک بە ناوی سەنگەر خزری کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی نەغەدە جێبەجێ کراوە.

سەنگەر خزری، باوکی ٢ منداڵ و خەڵکی شاری نەڵاسی شاری سەردەشت، نزیکەی ٢ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەانی بۆ دەرچووبوو.

ئەم زیندانییە ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو.

هەواڵنێریی «تەسنیم»ی سەر بە سوپای پاسدارانیش هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوەی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە پێشتر لە پیرانشار دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.