بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی سەعید ئەڵماسی و حەیبەڵڵا ئیلخانی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە و «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی هەمەدان و زیندانی دیزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٧ی پووشپەڕ (١٨ی جولای) سزای لەسێدارەدانی حەیبەڵڵا ئیلخانی کە پێشتر بە تۆمەتی«کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کراوە.

حەیبەڵڵا ئیلخانی، خەڵکی شارۆچکەی نۆدشەی سەر بە پاوە، نزیکەی ١٢ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی«کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەرچووبوو.

هاوکات سزای لەسێدارەدانی زیندانییەک بە ناوی سەعید ئەڵماسی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کراوە.

سەعید ئەڵماسی، ٤١ ساڵان، باوکی منداڵێک و خەڵکی شاری هەرسینی پارێزگای کرماشان، ساڵی ١٣٩٦ (٢٠١٧) بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.